"ئەو گەنمەی خەڵکانێک لە ترسی قاتوقڕی کڕیبوویان، لە بازاڕ دەیفرۆشنەوە"

بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵنیا بوون، کە بە ھۆی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە سنوورەکان داناخرێن و نابێتە قەیران، وەک ھەندێک دەنگۆی وا بڵاو کرانەوە، ئێستا نرخی گەنم لە جاران ئەرزانتر بووە و ئەوانەی گەنمیشیان عەمبار کردبوو، ئێستا لە بازاڕەکان دەیفرۆشنەوە.

ماوەیەک ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆمیان دەکرد، دەنگۆی ئەوەیان بڵاو دەکردەوە، کە بە ھۆی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە، سنوورەکان دادەخرێن و دەبێتە قەیران و نرخی خۆراک زۆر گران دەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵک ترسی لێ بنیشێت و بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا نەکات، ئەمەش وای کرد، خەڵکێک ڕوو لە کڕینی گەنم بکات، بەڵام دوای ئەوەی بۆ خەڵکەکە ڕوون بووەوە، کە ئەم دەنگۆیە ڕاست نییە و ھیچ بنەمایەکی نییە، ئیدی خەڵک ئێستا ئەو گەنمەی کڕیویەتی لە بازاڕەکان دەیفرۆشێتەوە و نرخی گەنمیش لە جاران ئەرزانتر بووە.

لەمبارەیەوە (زیاد حوسێن) بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''خەڵکانێک بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان ئەو دەنگۆیانەیان بڵاو کردەوە، بەڵام ئێستا بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە ھیچ سنوورداخستنێک بە ھۆی ڕیفراندۆمەوە لەئارادا نییە، بۆیە ھەم خەڵکەکە گەنمەکەی عەمباریان کردووە، دەیفرۆشنەوە و ھەمیش نرخی گەنم لە جاران ئەرزانتر بووە، چونکە ھەر خۆی نرخی گەنم گران نەبوو و لەو نرخەی حکوومەت لە جووتیارانی دەکڕی ئەرزانتر بوو، بۆیە ھەرچیی گەنمی باشە، ڕادەستی سایلۆکان کراوە.''

(زیاد حوسێن) گوتیشی: ''ئێستا ھیچ مەترسییەک لەئارادا نییە بۆ دروستبوونی قەیرانی دیکە و داخستنی سنوورەکان و خەڵک لەوە دڵنیا بووەتەوە و بۆیان دەرکەوت ئەوەی دەگوترێت ڕاست نییە و ھیچ بنەمایەکی نییە.''

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە پێی گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیزیکەی ٦٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، کە بەشی ساڵێک زیاتری خەڵکی کوردستان دەکات و مانگانەش بەشە ئاردی خەڵکی دابەش دەکرێت، بەبێ دواکەوتن.
kdp-
Top