فێستڤاڵی نێودەوڵەتیی کوردستان بە فیلمی ''ئاڵای بێ وڵات'' دەست پێ دەکات
لە چوارچێوەی ئەو ئامادەكارییانەی كە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە رێگەی بەش و لیژنەی جیاجیاوە بۆ بەڕێوەچوونی (فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كوردستان بۆ فیلم) بەڕێوە دەچێت، ئێستا كارەكانی ئەو لیژنە و بەشانە كۆتاییان پێ هاتووە و هەروەك (شاخەوان مستەفا)، بەڕێوەبەری فستیڤاڵیش تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''كارەكانی ئامادەكردنی فستیڤاڵ لە سەرجەم بەشەكانیدا كۆتایی پێ هاتووە و ئێستا ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.''
لە لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری فستیڤاڵ، ئەوەشی ئاشكرا كرد: '''كۆی ئەو فیلمانەی لە فستیڤاڵدا بەشداری دەكەن، بریتین لە ٤٦ فیلم لە هەموو بەشەكانی (درێژ و كورت و ئەنیمەیشن و دیكۆمێنتاری) و لە ناو ئەو فیلمانەشدا ٣٥ فیلم دەچنە بەشی پێشبڕكێی فستیڤاڵ و ١١ فیلمیش لە بەشی نمایشی فستیڤاڵدان.''
بە پێی زانیارییەكانیش میوانێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان میوانی فستیڤاڵن و بەشێكی ئەو میوانانەش سینەماكار و هونەرمەندە دیارەكانی بواری هونەری سینەمای كوردین.
(فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كوردستان بۆ فیلم) بە دروشمی (بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی) ماوەی پێنج رۆژ لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، بڕیاریشە دەستپێكی فستیڤاڵ بە فیلمی (ئاڵای بێ وڵات)ی دەرهێنەری ناوداری كورد (بەهمەنی قوبادی) بكرێتەوە.
kdp-
