''لایەنە عێراقییەکان تێگەیشتنی زیاتریان لەسەر ڕیفراندۆم بۆ دروست بووە''

 	 ''لایەنە عێراقییەکان تێگەیشتنی زیاتریان لەسەر ڕیفراندۆم بۆ دروست بووە''
ئەندامێكی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم ئاشکرای كرد، دوای گەڕانەوەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كۆ دەبێتەوە و ئەو كار و چالاكییانەی كە كراون، لە كۆبوونەوەكەدا دەخرێنە بەرباس و بەرنامەی ئایندە دادەڕێژرێت.

)هاوكار یاسین)، ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشکرا كرد: ''بڕیار وایە شاندی باڵای ڕیفراندۆم دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كۆ ببنەوە و ئەو كۆبوونەوەیەش وەكو كۆبوونەوەكانی ڕابردووە، هەر شاندێك كە دەچێتە دەرەوە ئەو چالاكی و كارانەی كە كردوویەتی هەمووی دێنێتەوە بۆ كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم، لە كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، پاشان بەرنامەی ئایندە دادەڕێژرێت.''

ئەندامەکەی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم ڕوونیشی كردەوە: ''ئەو شاندەی چووەتە بەغدا لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان و باڵوێزەكان كۆ بووەتەوە و بیروبۆچوونی كۆمیتەی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵكی كوردستانیان بۆ ئەو لایەنانە شی كردووەتەوە، كە بۆچی خەڵكی كوردستان پەنای بردووەتە بەر ڕیفراندۆم و ئەو ڕیفراندۆمە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە.''

(هاوكار یاسین) ئاماژەی بەوەش كرد: ''دانیشتن و كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا، زۆر باش و سەركەوتوو بوونە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان ئەنجامی زۆر باشیان لێ دروست بووە، توانیویانە ڕیفراندۆم بە تەواوی لایەنە عێراقییەكان و باڵوێزەكان بناسێنن، چونكە پێش ئەوەی ئەوان بچن بە شێوەیەکی نامۆ لە عێراقدا تەماشای ڕیفراندۆم دەكرا، بەڵام ئێستا ئەو تەم و مژە لەسەر ڕیفراندۆم ڕەوێنراوەتەوە، لایەنە عێراقییەكان تەفاهومێكی زیاتریان لەسەر ڕیفراندۆم هەیە، بۆیە ئێمە دانیشتنەكان بە سەركەوتوو دەزانین، بەردەوامبوونی ئەو دانیشتنانە زیاتر پرۆسەی ڕیفراندۆم بەرەو سەركەوتن دەبات.''
kdp-
Top