مامۆستایەكی زانكۆ: تا دەرگای بەغدا واڵا بێت کورد ڕێکاری ئاشتی و دانوستان بەكار دێنێت
عەبدولحەكیم خەسرۆ، مامۆستای کۆلێژی زانستە سیاسی لە زانكۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند: "شاندی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەیەوێت ئەو پەیامێك بە بەغدا و هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێت، كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە پرۆسەیەكی دیموكراسی و ئاشتیانە سەربەخۆ بێت، هەروەها جگە لە پرۆسەی ئاشتی و دانوستان هیچ پرۆسەیەكی دیكەی لە خەیاڵدا نییە و تا ئەوكاتەی درگای بەغدا بۆ گفتوگۆ و دانوستان وڵا بێت".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دەشڵێت: "هەرێمی كوردستان ، بۆ چارەسەر كردنی پرسی سنوور لەگەڵ عێراق پابەندی هەموو ڕێوشوێنە یاسای نێودەوڵەتی و شەرعییەكان دەبێت، جا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێت، یان دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێت".
ڕوونیشی كردەوە: "لە هەموو حاڵەتێكدا پەیامەكەی هەرێمی كوردستان، چ بۆ بەغدا و چ بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش، ئەو مەترسییانە ئەڕەوێنێتەوە كە پێشتر باس كراون، چونكە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدا دەبێت".
عەبدولحەكیم خەسرۆ، جەختی كردەوە: "ئەو ڕێگا دیبلۆماسییەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گرتوویەتییەبەر، زۆر باشە، هەروەها گاریگەریی دەبێت بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بە ئاسانی و بەبێ گرفت ئەنجام بدرێت".
باسنیوز
