یەکێتیی هێزە سوننەکانی عێراق: هەرگیز بەرامبەر خواستەکانی گەلی کوردستان ناوەستین
رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی هێزە عێراقییەکان کۆ بووەتەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، رۆژ نوری شاوێس، سەرۆکی شاندی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ بەغدا لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، بە سەرکردەکانی یەکێتیی هێزە عێراقییەکانیان راگەیاندووە، کە ناکرێ وەک ”هەنگاوێکی ئیستیفزازی دژی عێراق“ سەیری ریفراندۆمی سەربەخۆیی بکرێت.
رۆژ نوری شاوێس هەروەها رایگەیاند، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”هاوکاریی، هەماهەنگیی و پەیوەندیی“ نیوان کوردستان و عێراق پتەوتر دەکات و گفتوگۆکەیان لەگەڵ شاندی یەکێتیی هێزە عێراقییەکان ”بە رۆحێکی برایانە“ ئەنجام دراوە.
سەرۆکی شاندی ریفراندۆۆم بۆ بەغدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرکردەکانی یەکێتیی هێزە عێراقییەکان ”بڕیاری پێشوەختە“یان لەبارەی ریفراندۆمەوە نییە و دەروازەی فراوان هەیە بۆ گفتوگۆ.
هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا، سەڵاح جبوری، پەرلەمانتاری عێراق و سەرکردەیەکی یەکێتیی هێزە عێراقییەکان رایگەیاند، کە لەگەڵ ئەوەی داوای دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام ئەوان ”هەرگیز“ بەرامبەر خواستەکانی گەلی کوردستان ناوەستنەوە.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ریفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجام دەدرێت و دوا ناخرێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 14\8\2017، شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەردانی بەغدای کرد، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
