خورماتوو.. پێشمەرگە پەلامارێكی داعشی تێكشكاند

 خورماتوو.. پێشمەرگە پەلامارێكی داعشی تێكشكاند
فەرماندەی میحوەری خورماتووی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، لە میحوەری خورماتوو، هێزەكانی پێشمەرگە پەلامارێكی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاندووە.




ئەمڕۆ یەكشەممە 20/8/2017، عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی میحوەری خورماتووی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ناوچەی زەرگەی سەر بە خورماتوو كە دەكەوێتە سنووری میحوەری خورماتوو، داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام هەر زوو پێشمەرگەكان لێیان هاتنە دەست و هێرشەكەیان تێكشكاند".



فەرماندەی میحوەری خورماتوو گوتیشی: "هاوكات چەند تیرۆریستێكیان ویستوویانە مۆلیدەی كارەبای پێشمەرگەكان بكوژێننەوە بۆ ئەوەی كڵۆپەكانی سەنگەرەكان لە زەرگە بكوژێتەوە و هێرش بكەن، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە وەڵام درانەوە و نەیانهێشتبوو مۆلیدەكە بكوژێننەوە".



عەبدوڵا بۆر، ئەوەشی خستەڕوو: "تیرۆریستانی داعش لە چیای حەمرین جموجۆڵیان هەیە و ناوە بەناو هێرش دەكەن و خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانانە سەرجەم هێرشەكانی تێكشكاندووە".




باسنیوز
Top