ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی: سبەی کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان بەڕێوە دەچێت
عارف روشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەو شاندە بەڕێوە دەچێت کە بڕیارە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکەن. گوتیشی: ”سبەی شاندەکە سەردانی گۆڕان دەکات کە لە ئاستێکی باڵا دەبێت و بڕیاریان بەدەست دەبێ، ئەو شاندە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پرسی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن“.
هەر لەمبارەیەوە مەدحەد سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: لەو پێنج خاڵەی جڤاتی گشتیی گۆڕان بۆ گفتوگۆکانی دیاری کردووە، 3 خاڵیان پەیوەندی بە حکوومەتەوە هەیە. جگە لەوەی “گۆڕان پرسی دواخستنی ڕیفراندۆمی بە پارتییەوە بەستووەتەوە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە پارتییەوە نییە، بەڵکوو 16 حزب واژۆی لەسەر ڕیفراندۆم کردووە و ئەستەمە دوابخرێت”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە چاوەڕوان دەکەن لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا، پارتی و گۆڕان تەواوی پرسەکان یەکلا بکەنەوە، چونکە “کات کەم ماوە و پێویستە گۆڕانیش خۆی یەکلا بکاتەوە”.
باسنیوز
