ئەندامێکی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا: بە هیچ شێوەیەک باسی دواخستنی ڕیفراندۆم لەئارادا نییە

 ئەندامێکی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا: بە هیچ شێوەیەک باسی دواخستنی ڕیفراندۆم لەئارادا نییە
ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان کۆ دەبێتەوە و بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا هەندێک پرسی گرنگ باس بکرێت.



ماجید بازرگان، ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆم کە ئێستا بە سەردانێک بۆ لای لایەنە عێراقییەکان لە بەغدایە گوتی: ئەمڕۆ شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدالەگەڵ هاوپەیمانیی شیعەکان کۆ دەبێتەوە و وا باس کراوە کە ئەوان پرۆژەیەکمان دەدەنێ کە چارەسەری گرفتەکانی هەولێر و بەغدا لە ئەستۆ دەگرن".



ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە لەیستی هەولێری تورکمانی ڕاشی گەیاند: "ئێمە قسەی خۆمان هەیە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو چووینەتە بەغدا و پەیامی ئێمە گەیاندنی پرسی ڕیفراندۆمە بە هەموو لایەنەکانی عێراق، ئەمڕۆش لە بەغدا لەگەڵ گەورەترین کوتلەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبینەوە کە 185 کورسیی پەرلەمانی هەیە، بۆچوونی خۆمان ڕاشکاوانە باس دەکەین و ئەوان هەر پەیامێکیان هەبێت وەریدەگرین و دواتر تاوتوێی دەکەین".



ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕیفراندۆم دوا ناخرێت و هیچ پرسێک لەو بارەوە لە ئارادا نییە هەندێک لایەنی عێراق و پەرلەمانتار بۆ خۆیان لێدوان دەدەن گوایە دوا دەخرێت، ئەوە بەلای ئێمەوە گرنگ نییە و گرنگ بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کوردستانە".




باسنیوز
Top