سەرۆك بارزانی: نامانەوێ لەگەڵ ئێران بچینە نێو هیچ ململانێیەکەوە

سەرۆك  بارزانی: نامانەوێ لەگەڵ ئێران بچینە نێو هیچ ململانێیەکەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان نایەوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بچێتە ناو هیچ ململانێیەکەوە.



مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە بنەماڵەی شاهانەی سعودیە ”قووڵ و مێژووییە و لەسەرەوەی نایابە“ و دەگەڕێتەوە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیی رێبەری شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و شا عەبدولعەزیز ئال سعودی دامەزرێنەری سعودیە.



مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە سعودیە ”پێگەی تایبەتی لە دڵی ئێمە هەیە“، کە بۆ رۆڵ و گرنگیی ئەو وڵاتە لە جیهانی ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەدا، ئاماژەی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، پڕۆژەی ڕیفراندۆم پڕۆژەی گەلی کوردستانە لە عێراق نەک پڕۆژەی مەسعود بارزانی بە تەنیا، ”من سەرپەرشتی ئەو پڕۆژەیە دەکەم“.



مەسعود بارزانی باسی ئەوەشی کردووە، کە دەستووری عێراق گەرەنتیی یەکپارچەیی عێراقی دابوو، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق ”پابەند نەبوون“ بەو دەستوورە و مافەکانی گەلی کوردستانیان پێشێل کرد، ”لە 100 ساڵی ڕابردوودا ئەزموونێکی شکستخواردوومان ھەبوو، خوێن و شەڕ، ئاگربەست. نامانەوێت بۆ ئەو ئەزموونە شکستخواردووە بگەڕێینەوە، بۆیە گەلەکەمان لە کوردستان بڕیاری داوە بۆ بژاردەی ڕیفراندۆم بڕوات“.



بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ”بە راشکاوانە“ گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کردووە و ”گوتوومانە مادام لە هاوبەشیی ڕاستەقینە شکستمان ھێناوە، فەرموون با ببین بە دوو دراوسێی باش“.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەکردن بەوە لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ رێکس تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق نیشان داوە بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەک و ئایندەیەکی باشتر بۆ هەردولا، رایگەیاندووە، ”لە پەیوەندییەکەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیم لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم نەداوە“.



لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بارزانی گوتوویەتی، ”بەھیچ شێوەیەک“ دوا ناخرێت، ”لە ڕاستیدا نێوانگیری ھەیە لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی ئیقلیمیش، بەڵام پرسیارمان بۆ ئەو لایەنانە ئەوەیە، ئەلتەرناتیڤ چییە؟ ئایا جێگرەوەیەکی باشترتان ھەیە بۆ ئەو دۆخی پەیوەندییەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە؟“.



باسنیوز
Top