هەولێر.. پێنج پارتی ڕۆژهەڵات یادی خۆڕاگریی کوردستانیان بەرز ڕاگرت
) کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2017/8/19 دەزگای توێژینەوە ستراتیژییەکان کە دەزگایەکی هزریی ستراتیژیی تایبەت بە پرسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بە هاوکاری و یارمەتیی پێنج پارت و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دروشمی (خۆڕاگری شکۆمەندییە) و بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە جەماوەر و کادر و پێشمەرگەی پێنج لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات (حدکا، حدک، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازامی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان) و چەندین هونەرمەند و کەسایەتیی هەر چوار پارچەی کوردستان، یەکەم فێستیڤاڵی 28ی گەلاوێژ، ساڵیادی (فەتوای جەهادی کۆماری ئیسلامی لەدژی بزووتنەوەی کورد، هەروەها خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری ناسراوی باشووری کوردستان، بەم بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست و ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی کورددا هیچ گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و سیاسەتی سەرکوت، سێدارە و حاشاکردن بەردەوامە و ئەم سیاسەتە نەتەنیا هەر لەدژی کوردی ڕۆژهەڵاتە، تەنانەت بە یارمەتیی سوویا و تورکیاش لەدژی پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوە و لە هەموو دوژمنکارییەک ناپرینگێنەوە".
پاشان پەیامی دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵ لەلایەن مامەند ڕۆژە، چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە خوێندرایەوە کە باسی لە هاوکاری و یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و بەکارهێنانی وزەی ڕەوەندی کورد لە دیاسپۆرا بۆ جۆشدانی خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
لە بڕگەکانی دیکەشدا نوێنەری هەرکام لە پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی خۆیان بە بۆنەی ساڵیادی فەتوای جیهاد و سەردەمی خۆڕاگریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندەوە و بە تێکڕا پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی خەبات و خۆڕاگری و هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە گوتارێکی هاوبەش و یەکدەنگ لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.
هاوکات لە پەیامەکانیاندا وێڕای پاڵپشتی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد بە یەکێتی و تەبایی بەرەو ڕیفراندۆم بچن کە چارەنووسی بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی پێوە بەستراوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ناسر ڕەزازی هونەرمەندی ناسراوی کورد لە پەیامێکی کورددا داوای لە سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بە یەکدەنگی و هاوکاریی یەکتر کار بۆ پلاتفۆرم و بەرەیەکی یەکگرتوو بکەن و لەم پێناوەشدا هەموو هونەرمەندانی کوردستانیش بە هموو شێوەیەک ئامادەی هاوکاریی ئەو بزاڤە دەبن.
دوو سروودی (کاڵێ) هونەرمەند و سروودبیأی ناسراوی ڕۆژهەڵات، هەروەها چەند ئاهەنگی گرووپێکی ڕۆژئاوای کوردستان و چەند سروودی هونەرمەندێکی باکووری کوردستان نێواخنی فێستیڤاڵەکە بوون.
ئەو فێستڤاڵە لە یادی 38ەمین ساڵیادی فەتوای جیهادی خومەینی ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی کوردستان و دەسپێکی شەڕ و هێرش بۆ سەر ڕۆژەهەڵاتی کوردستاندا ڕێک خرابوو، کە بەو بۆنەوە بە هەزاران خەڵکی ڕۆژهەڵات شەهید کران و شەڕی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان دەستی پێکرد کە بە خۆڕاگریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر کرا.
bas news -
