مامۆستایەکی ئایینی بۆ شاسوار عەبدولواحید: ئەو هەموو سامان و پڕۆژە و کەناڵەت لە کوێ دەستکەوتووە؟

 مامۆستایەکی ئایینی بۆ شاسوار عەبدولواحید: ئەو هەموو سامان و پڕۆژە و کەناڵەت لە کوێ دەستکەوتووە؟
مامۆستایەکی ئایینی ڕەخنەی توندی لە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) گرت و کەناڵەکانی سەر بە کۆمپانیاکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە ”ئەخلاق و دینی گەلی کورد ئەنفال دەکەنەوە“. هاوکات پرسی ئەوەشی لێ کرد کە ”ئەو هەموو پارە و پڕۆژە و کەناڵەت لە کوێ دەستکەوتووە“.

مامۆستایەکی ئایینی لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە 19/8/2017ی نێوان شاسوار عەبدولواحید و مامۆستایانی ئایینی کە کەناڵە ئاسمانییەکەی ڕاستەوخۆ دەیگواستەوە، لە وتەیەکدا بە توندی ڕەخنەی لە شاسوار عەبدولواحید گرت و گوتی: ”(نەخێر) بۆ کەناڵە خراپەکانت. ئەگەر خەڵکێک قووت و کار و کەسابەتی گەلی کوردستانی لەناو بردبێ و لە ڕابردوودا ئەنفال کرابێ، ئێمەش پێت دەڵێین شاسوار عەبدولواحید هەندێک کەناڵەکانت دین و ئەخلاقی گەلی کورد ئەنفال دەکات. پێت دەڵێین هەزار جار نەخێر بۆ ئەو کەناڵە فاسیدانەت“.

هاوکات داوای لێکرد دەسەڵات و پارە و سامانەکەی ”بۆ فەساد“ بەکار نەهێنێت و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئاخۆ بۆچی لە پڕۆژەکەیدا مزگەوت نییە. گوتیشی: ”یاسایەک هەیە کە دەڵێ (ئەوەت لە کوێ بوو؟)، ئەو پرسیارە بۆ تۆش دەبێ، ئایا جەنابت ئەو هەموو پڕۆژە و پارە و کەناڵەت لە کوێ دەست کەوت؟ ئایا لە پەنای دەسەڵات دەستتکەوتووە یان لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی خەڵکە؟“.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا مامۆستا ئایینییەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ”ئەرکێکی شەرعییە“ و ڕای گەیاند: ”دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان هەر ساتێ بێت، ئەرکێکی شەرعییە“.









باسنيوز
Top