عەرەفات کەڕەم: ھەوڵ دەدەین گفتوگۆ لەگەڵ نەیارانی ریفراندۆم بکەین
عەرەفات کەڕەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "کاتژمێر 3 پاش نیوەڕۆی ھەینی تا 6ی ئێوارە لەگەڵ شاندی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کۆبووینەوە، ھەڵوێستی ھەموو ئەو لایەن و شوێنانەیان پێ ڕاگەیاندووین کە سەردانیان کردوون، بەگشتیی ھەڵوێستیان سێ جۆر بووە، ھەندێکیان دژی ڕیفراندۆمن، ھەندێکیان لەگەڵ ڕیفراندۆم دان، بەڵام لەگەڵ کاتەکەیدا نین، ھەروەھا چینە تێگەیشتووەکەش لەگەڵ ڕیفراندۆم دان".
سەرۆکی فراکسیۆن پارتی، ئەوەشی خستە روو: "ئێستا تێگەیشتووین ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان چۆنە، ھەروەھا شاندەکەش داوایان نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد، کە ھاوکارییان بین، تا درێژە بە سەردانەکان بدەن و ئێمە پەیامەکە بە ڕوونی و بەبێ گرژی سیاسی بگەیەنینە لایەنەکان".
ئاشکراشی کرد: "ھەوڵ دەدەین ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمن گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین، بۆ ئەوەی دژ نەبن و رایان بگۆڕین، ئەوانەشی لەگەڵ ڕیفراندۆمن و لەگەڵ کاتەکەی نین، ڕازیان بکەین، بەگشتی ھەوڵ دەدەین ڕۆڵێکی دیپلۆماسی بگێڕین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بەردەوام بێت".
عەرەفات کەڕەم گوتیشی: "ھیچ مەترسییەک لەسەر داخستنی سنووری ئێران و تورکیا بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا نییە، بەردەوام دەبن لە کردنەوەی سنوور ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام بدرێت، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە بەرژەوەندی ھەموو لایەک ھەیە".
لە ھەفتەی رابردوو، شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ ھەریەک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوە و پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان، تاوتوێ کرد.
باسنیوز
