بارزانی: عێراق لە ھەموو قۆناغەکاندا پڕەنسیپی شەراکەتی پێشێل کردووە

 بارزانی: عێراق لە ھەموو قۆناغەکاندا پڕەنسیپی شەراکەتی پێشێل کردووە
ئەمڕۆ شەممە، لە سەلاحەددین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانکۆکانی عەرەبی و سەرۆکی زانکۆی ئەربد لە ئوردن، کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ شەممە 19/8/2017 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ د. سوڵتان ئەبو عەرابی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانکۆکانی عەرەبی و د. زیاد کوردی سەرۆکی زانکۆی ئەربد لە ئوردن کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانکۆکانی عەرەبی ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانی لە شەڕی تیرۆر و دژایەتیکردنی زوڵم و چەوسانەوە کرد، سەرسامیشی بە ئاستی بووژانەوە و پێشکەوتن و پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ھاوکات ھیوای ئەوەشی خواست کە گەلی کوردستان لە مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.

لە بەشێکی تری گوتەکانیدا باسی لە گوزەرانی جالیەی کوردی لە وڵاتی ئوردن و ھەورەھا کار و چالاکییەکانی یەکێتیی زانکۆکانی عەرەبی و ئاستی پەیوەندیی نێوان زانکۆکانی عەرەبی و زانکۆکانی کوردستان کرد.

لە بەرانبەردا بارزانی، پێزانینی ھەبوو بۆ ئاستی باشی گوزەرانی کوردەکان لە شانشینی ئوردن و ھەروەھا پەیوەندیی نێوان خۆی، شای ئوردن، ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئوردنی بە برایانە و دۆستانە وەسف کرد.

لە بەشێکی تری گوتەکانیدا، ڕۆشنایی خستەسەر ھەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی جیھانی، ھەروەھا شەڕی داعش و ئازادکردنی مووسڵ، جەختی لەوە کردەوە کە ھێشتا ئەو ھۆکارانەی بوونە ھۆی سەرھەڵدان و گەشەی تیرۆر، وەک خۆی ماون و مەترسیی دەرکەوتنەوەی ھەڕەشەی ھاوشێوەی داعش لە ئارادایە، بە پێویستیشی زانی لەپێناو نەھێشتنی تیرۆر کار لەسەر ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر بکرێت.

لەبارەی ڕیفراندۆمیش سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغەکانی مێژووی ھاوبەشی گەلی کوردستان و دەوڵەتی عێراق، ئەو نەھامەتییانەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا ھاتووە، ئەوەی دووپات کردەوە کە لە ھەموو قۆناغەکاندا پڕەنسیپی شەراکەت پێشێل کراوە و گەلی کوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شکستخواردووەکانی پێشوو دووبارە بکاتەوە، بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە.












باسنيوز
Top