مامۆستایەکی ئایینی بۆ شاسوار عەبدولواحید: بەکارهێنانی درووشمی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی مەترسیدارە

 مامۆستایەکی ئایینی بۆ شاسوار عەبدولواحید: بەکارهێنانی درووشمی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی مەترسیدارە
مامۆستایەکی ئایینی لەبەردەم شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) بە توندی ڕەخنەی لە بەکارهێنانی درووشمی (نەخێر) بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان گرت و ڕای گەیاند، بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە ”مەترسیدارە“.



لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە 19/8/2017ی نێوان شاسوار عەبدولواحید و مامۆستایانی ئایینی کە لە کەناڵی فەرمیی کۆمپانیاکەوە بە ڕاستەوخۆ پەخش دەکرا، مامۆستایەکی ئایینی ڕەخنەی لە شاسوار عەبدولواحید گرت، بەوەی درووشمی (نەخێر)ی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەڵگرتووە و ڕای گەیاند: ”درووشمی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەییتان هەڵبگرتایە، داواتان بکردایە حکوومەت دەست هەڵبگرێ، بەڵام ئێوە (نەخێر)تان هەڵبژاردووە، دەبووایە درووشمێک هەڵبژێرن کە لەگەڵ میللەت و دۆخەکە بگونجێت، بەڵام بابەتی بەکارهێنانی وشەی (نەخێر) لەگەڵ بابەتێکی نیشتمانیی چارەنووسسازی مێژوویی هەتا هەتاییدا، مەترسیدارە“.



ئەوەشی دووپات کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو درووشمەدا نییە و هەرچییەکیان بگوتایە ئەگەر هەبوو خەڵکیان لەگەڵ بووایە، بەڵام ”بۆ بابەتێکی مێژوویی میللەت، بڵێی نابێ دەوڵەتی کوردی درووست ببێ، زۆر مەترسیدارە و ئومێدەوارم جارێکی دیکە خۆتان بیری لێ بکەنەوە“.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پاساوەکانی شاسوار عەبدولواحید بەوەی کە دەڵێ ”ئێران و تورکیا“ دژی ڕیفراندۆمن، مامۆستا ئایینییەکە ڕای گەیاند: ”ئەگەر چاوەڕێی ئێران و تورکیا و وڵاتان بکەین، هەتا ڕۆژی قیامەت ناڵێن با ڕیفراندۆم بکرێ و ئێمە نابێ چاوەڕوانی ئەوان بین، بابەتی بەغدا زۆر گرنگە و پێویستە بەرپرسانی حکوومەت بڵێن چۆن ناڵێین دەوڵەتی خۆمان دروست دەکەین کە ٣ ساڵە بودجەی میللەتەکەمانتان بڕیوە؟ یا بمانگەڕێننەوە دۆخی پێشوو، یانیش خواحافیز“.





باسنيوز
Top