ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بەغدا هەر بڕیارێک بدات ئاڵای کوردستان داناگرین

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بەغدا هەر بڕیارێک بدات ئاڵای کوردستان داناگرین
بە پێی ھەواڵێکی میدیاکان، دادگای ئیداریی عێراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لە کەرکووک داوە، لە بەرامبەردا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ھەر بڕیارێک بدرێت ئەوان پێیەوە پابەند نابن و ئاڵای کوردستان داناگرن.

(ئەحمەد عەسکەری)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی برایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمەش بیستوومانە دادگای ئیدارەی عێراق بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە ڕەت کردووەتەوە، بەڵام بەفەرمی ھیچ بە ئێمە نەگەیشتووە و ھەر بڕیارێکیش بدرێت، پێیەوە پابەند نابین.''

(ئەحمەد عەسکەری) بە پشتبەستن بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە کەرکووک حکوومەتی لۆکالی خۆی هەیە دڵنیایی دەدات کە کاری دادگای ئیداریی عێراق نییە بڕیار لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە بدات و جگە لەوەش، ھەر بڕیارێکی دیکە بدرێت ئێمە پێیەوە پابەند نابین و بڕیاری خۆمان داوە و پاشگەزبوونەوە لێی نییە، چونکە پەرلەمانی عێراقیش بڕیاری دا، ئێمە پابەند پێیەوە نەبووین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانی پەسەند کرد و ھاوشێوەی ئاڵای عێراق، ئێستا ئاڵای کوردستان لەسەر ھەموو فەرمانگە میرییەکانی کەرکووک ھەیە و تورکمانەکانیش سکاڵایان لەسەر ئەنجوومەن تۆمار کرد، بۆ ئەوەی ئەوبڕیارە ھەڵوەشێندرێتەوە و ئێستاش باس لەوە دەکرێت دادگا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دەرکردووە.
kdp-
Top