بەرپرسێکی پارتی: پێویستە لە خانەقین ھێزی زیاتری پێشمەرگە جێگیر بکرێت

 بەرپرسێکی پارتی: پێویستە لە خانەقین ھێزی زیاتری پێشمەرگە جێگیر بکرێت
بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە لە زۆر شوێنی ناوچەکەیان بۆشایی ئەمنی ھەیە، بۆیە پێویستیان بە ھێزی پێشمەرگەی زیاتر ھەیە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "نزیکەی ٧٠٠ چەکداری داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی لەناوچەکە، ھاتوونەتە سنووری ئێمە و بڵاوەیان پێکراوە و بەشێوەی گرووپ کردەوە ئەنجام دەدەن، لەماوەی ڕابردووشدا چەندین کردەوەی تیرۆرستیان ئەنجام داوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو: "ھەندێک لە عەرەبەکانیش ھاوکاریان دەکەن، بەشێکیشیان لە رووبەڕووبونەوەی پێشمەرگە کوژراون".

ئاشکراشی کرد: "لە سنوورەکە بۆشایەکی ئەمنی ھەیە، پێویستی بەھێزی پێشمەرگەی زیاتر ھەیە، بۆیە پێویستە ھێزی زیاتر ڕەوانەی سنوورە کە بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بۆشایە ئەمنیە نەمینێت بەتایبەت نێوان قەرەتەپە و خانەقین".

شاری خانەقین، دەکەوێتە 155 کیلۆمەتر باکووری خۆرھەڵاتی بەعقوبە، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، زۆرینەی دامودەزگاکانی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.







باسنیوز
Top