بەرپرسێکی پارتی: پێویستە لە خانەقین ھێزی زیاتری پێشمەرگە جێگیر بکرێت
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "نزیکەی ٧٠٠ چەکداری داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی لەناوچەکە، ھاتوونەتە سنووری ئێمە و بڵاوەیان پێکراوە و بەشێوەی گرووپ کردەوە ئەنجام دەدەن، لەماوەی ڕابردووشدا چەندین کردەوەی تیرۆرستیان ئەنجام داوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو: "ھەندێک لە عەرەبەکانیش ھاوکاریان دەکەن، بەشێکیشیان لە رووبەڕووبونەوەی پێشمەرگە کوژراون".
ئاشکراشی کرد: "لە سنوورەکە بۆشایەکی ئەمنی ھەیە، پێویستی بەھێزی پێشمەرگەی زیاتر ھەیە، بۆیە پێویستە ھێزی زیاتر ڕەوانەی سنوورە کە بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بۆشایە ئەمنیە نەمینێت بەتایبەت نێوان قەرەتەپە و خانەقین".
شاری خانەقین، دەکەوێتە 155 کیلۆمەتر باکووری خۆرھەڵاتی بەعقوبە، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، زۆرینەی دامودەزگاکانی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.
باسنیوز
