بەرپرسێکی یەکێتی: ھەوڵێکی جدی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ھەیە

 بەرپرسێکی یەکێتی: ھەوڵێکی جدی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ھەیە
ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان، دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەوەی جدی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.

پشتیوان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، رایگەیاند: "پارتی، گۆڕان و یەکێتی، دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەوەیان کردووە، بۆئەوەی بەزووی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، بێگومان ھەوڵەکان دەرەنجامێکی باش دەبێ و لە ئایندەیەکی نزیکدا پەرلەمان کارا دەکرێتەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو: "کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە، بەکاراکردنەوەشی چیتر ئەو قسەیە نامێنێ کە دەگوترێت، پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵە پەکی کەوتووە، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا پەرلەمان بەکارەکانی خۆی ھەڵدەستێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان کار بۆ ئەوە دەکرێ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، بێگومان دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەوەی جدی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کراوە".

ئاشکراشی کرد: "ھەر کەسێک لەناو یەکێتی دژایەتی ڕیفراندۆم بکات، ڕاستەوخۆ سزادەدرێ تا ئاستی دەرکردنی لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند یەکێتی، ھەمیشە پشتگیری لە ڕیفراندۆم کردووە، بۆیە ڕێگە نادات ھیچ کەس بچێتە ناو جولانەوەی (نەخێر)، بێگومان ناکرێ لەناو یەکیتی کە ئێمە پشتگیری لە پرسێکی نیشتمانی بکەین، ئەندامەکانمان ھەڵوێستی جیاوازیان ھەبێت".













باسنیوز
Top