بەرپرسی حزبێکی تورکمانی: داوا دەکەین گەلەکەمان بە (بەڵێ) دەنگ بە ریفراندۆم بدەن
ئەمڕۆ ھەینی 18/8/2017، دوورەید قوریالی، جێگری سەرۆکی حزبی شروقی تورکمانی، ڕایگەیاند: "دوا دەکەین کە گەلی تورکمان لە 25ی ئەیلوولی داھاتوو بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن، چونکە سەربەخۆیی کوردستان، لە بەرژەوەندی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە".
جێگری سەرۆکی حزبی شروقی تورکمانی، ئەوەشی خستە روو: "تورکمان ھاوشێوەی پێکھاتەکانی تر، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زوڵمی زۆری بینیووە و چەوساوەتەوە، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ برایانی کورد و پێکھاتەکانی تر پێکەوە برەو بە برایەتی و پێکەوە ژیان بدەین، ببینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆمان، بۆ ئەوەی چی دیکە نەچەوسێنەوە".
رۆژی (7/6/2017) مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پیرمام، بۆ تاوتوێکردنی پرسی ریفراندۆم، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەو کۆبونەوەدا بڕیاردرا رۆژی (25/9/2017) ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیشەوە.
باسنیوز
