سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری بەرشەلۆنە ئیدانە دەکات
ئەمڕۆ ھەینی 18/8/2017 سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا، ئیدانەی کارە تیرۆریستییەکەی شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا کرد.
راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ ھەینی 18/8/2017ی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، تێدا ھاتووە: "وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییە دەکەین سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەو کردەوە دڕندانەیە دەکەین و ھیوای چاکبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین".
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، جەختیشی لەوە کردووەتەوە: "گەلی کوردستان کە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە و لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆرە خۆی بە ھاوخەمی شاری بەرشەلۆنا دەزانێت".
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 8ـی 2017 لە ئەنجامی ھێرشێکی تیرۆریستی لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا 13 ھاووڵاتیی گیانی لەدەستدا و 100 کەسی دیکەیش بریندار بوون.
وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییە دەکەین، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەو کردەوە دڕندانەیە دەکەین و ھیوای چاکبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین.
گەلی کوردستان، کە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە و لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆرە خۆی بە ھاوخەمی شاری بەرشەلۆنە دەزانێت.
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
18/8/2017
باسنیوز
