ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئاڵای كوردستان و پێشمه‌رگه و كه‌ركووك سێ شتن له كوردستان جیاناكرێنه‌وه
ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه(17-8-2017) له پرێس كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگای كارگێری به‌غدای تایبه‌ت به هێنانه خواره‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی كه‌ركووك گوتی: "ئه‌م بریاره كاری دادگای ئیداریی نییه و بڕیاره‌كه له‌ژێر كاریگه‌ری چه‌ند كه‌س و په‌رله‌مانتارێكی شۆڤێنی و تائیفی خواز دراوه له دژی بڕیارێكی قاره‌مانانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك".
گوتیشی: "سوپاسی هه‌موو پێكهاته‌كانی شاری كه‌ركووك ده‌كه‌م كه دووباره پشتگیری خۆیان ده‌ربڕیوه و لێره‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نین كه ئاڵای كوردستان و پێشمه‌رگه و كه‌ركووك سێ شتن له كوردستان جیا ناكرێنه‌وه سه‌دام حوسێن(سه‌رۆكی رژێمی به‌عسی ڕووخاو له عێراق)ئه‌وپه‌ری هه‌وڵی خۆیدا نه‌یتوانی ئه‌و سێ شته له كه‌ركووك جیا بكاته‌وه"
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه چه‌ند كه‌سێك له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك دژی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن بوون و ئه‌و چه‌ند كه‌سه نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان ناكه‌ن و ئه‌و كاره‌یان بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسییه بۆئه‌وه‌ی شه‌قامی پێڕازی بكه‌ن و گێره‌شێوێنی درووست بكه‌ن .
ڕوونیشی كرده‌وه كه ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای كارگێری عێراق ده‌داته‌وه هه‌موو رێوشوێنه یاسایی و ده‌ستوورییه‌كان ده‌گرینه به‌ر بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی بریاره‌كه.
تاڵه‌بانی حه‌ختیشی كرده‌وه كه بڕیاره‌كه‌ی دادگا هیچ پاڵپشتییه‌كی تێدانییه له‌رووی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه و گوتیشی: " دانیشتووانی كه‌ركووك ڕۆژی 25-9ی ئه‌مساڵ ( ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان )وه‌ڵامی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا به پراكتیكی ده‌ده‌نه‌وه.
bas news-
