ئاسایشی ھەولێر وەڵامی نوێنەرایەتیی هەدەپە دەداتەوە: گوشار لەسەر ھیچ کەس و حیزبێک دروست نەکراوە
بەرێوبەری ئاسایشی ھەولێر (د.تاریق نووری) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جەختی کردەوە "ئەو دەنگۆیانەی بڵاو کراونەتەوە لەبارەی ئەوەی گوایە گوشار لەسەر ھەدەپە لە ھەولێر دروست کراوە، بەھیچ جۆرێک راست نییە و ھیچ بنەمایەکیشی نییە، چونکە نە گوشاریان لەسەر کراوە و نەئەندامێکیان دەستگیر کراوە و نەئەندامێکیشیان دەرکراوە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت تۆمەتە و ھیچی راست نییە."
دوێنێ چوارشەممە، نوێنەرایەتیی ھەدەپە لە شاری ھەولێر رایگەیاند، لە ھەولێر، ئاسایش گوشار لەسەر ئەوان دروست دەکات و بانگھێشتی ئەندامانی ئەوان دەکات و رێگری دەکات سەردانی بارەگاکەیان بکەن.
بەرێوبەری ئاسایشی ھەولێر ڕوونی کردەوە، "ئەمە دووەم جارە ئەوان تۆمەت بۆ ئێمە دروست دەکەن و، ئێمەش بە فەرمی وەڵاممان داونەتەوە، ڕاستییەکەی ئێمە بانگھێشتی ھیچ ئەندامێکی ئەوانمان نەکردووە وەکو ئەوان باسی دەکەن.!"
(د.تاریق نووری) بە سەرسووڕمانەوە دەڵێ، "لەوە تێناگەین مەبەستی ئەوان چییە لەو تۆمەتانەی بۆ ئاسایش دروستی دەکەن!، خۆی کاری ئاسایش پاراستنی خەڵکە و ھەر حیزبێکیش مۆڵەتی فەرمیی ھەبێت، ئێمە وەکو ئاسایش پارێزگاری لێ دەکەین، نەک بانگھێشتی ئەندامانی بکەین و رێگرییان لێ بکەین و گوشاریان لەسەر دروست بکەین."
kdp-
