بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی ئەو کارەی لە پێناو ڕیفراندۆم کرد

 	 بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی ئەو کارەی لە پێناو ڕیفراندۆم کرد
دوای ڕاگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتیانی کورد بە شێوەی جیاجیا پشتگیریی بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم دەردەبرن، ئەمجارەیان بریندارێکی چەکی کیمیایی، کە بە ھۆی کیمیارانکردنی ھەڵەبجەوە ھەردوو قاچی لەدەست داوە و نیشتەجێی بەریتانیایە، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و ماوەی شەش ڕۆژەش لە ھەڵەبجەوە بە پیادە و بە عارەبانەکەی خۆی ھاتووە بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەمڕۆ گەیشتە پەرلەمانی کوردستان.

لەمبارەیەوە (شوان شێخ ئەحمەد)، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ ئەو ھاووڵاتییە گەیشتە پەرلەمانی کوردستان، کە ماوەی شەش ڕۆژە بە عارەبانەکەی خۆی ڕێ دەبڕێت بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمانی کوردستان و ئەمڕۆ گەیشتە پەرلەمان و ئێمەش وەکو فراکسیۆنی زەرد پێشوازیمان لێ کرد.''

(شوان شێخ ئەحمەد) گوت: ''ئەو ھاووڵاتییە پەیامێکی پێ بوو، ئەویش ئەوە بوو کە ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەن، بۆ سەربەخۆییی کوردستان و بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت و جگە لەوەش، داوای کرد ھاوکار بن بۆ خزمەتکردنی ھەڵەبجەی شەھید.''

(شێخ ئەحمەد) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو ھاووڵاتییە ناوی (شاھۆ نەورۆڵی)یە و باسی لەوە کرد ھەر لایەنێک پشتگیری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم نەکات، لە دنیا و قیامەت گەردەنی ئازاد ناکەن و لە ٢٦/٨یش لە ھەولێر فلیمێک نمایش دەکات بە ناوی (گەڕان بە دوای قاچەکانمدا).''

بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٥/٩دا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و کوردانی تارواگە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەومەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە
kdp-
Top