یوئێن؛ گفتوگۆی بەغدا و هەولێر لەسەر ڕیفراندۆم پێویستە

 	 یوئێن؛ گفتوگۆی بەغدا و هەولێر لەسەر ڕیفراندۆم پێویستە
نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.

لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یۆنامی)، وێڕای ڕەتکردنەوەی هەواڵێکی ئێران لەسەر بەنایاساییدانانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: تێگەیشتنێکی هەڵە لە قسەکانی (یان کوبیش)، نێردەی تایبەتی یوئێن بۆ هاریکاریی عێراق دروست بووە، بەوەی کە گوایە گوتوویەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان نایاساییە و لەو بارەیەوە هەواڵی ئاژانسەکانی ئێرانی ڕەت کردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەی (یان کوبیش)دا هاتووە: ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان بە پرسی ڕیفراندۆمیشەوە، پەیامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشە بۆ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا.

جێی باسە، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران لە زاری (یان کوبیش)، نێرده‌ی نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی) بڵاویان کردەوە، کە نوێنەری یوئین لە عێراق، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی داناوە و گوتوویەتی پرسی ڕیفراندۆمی لەو شێوەیە لە دەستووری عێراقدا نەهاتووە و جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کردووەتەوە.
kdp-
Top