یۆنامی ھەواڵێکی میدیا ئێرانییەکانى رەت کردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/8/2017 لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق (یۆنامی)، وێڕای ڕەتکردنەوەی ھەواڵێکی ئێران لەسەر بەنایاسایی دانانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند: "تێگەیشتنێکی ھەڵە لە قسەکانی یان کوبیش، نێردەی تایبەتیی یوئێن بۆ ھاوکاریی عێراق دروست بووە، بەوەی کە گوایە گوتوویەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان نایاساییە، لەو بارەیەوە ھەواڵی ئاژانسەکانی ئێرانی ڕەت کردەوە".
لە ڕوونکردنەوەکەی، (یان کوبیش)، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق، ھاتووە: "ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بە پرسی ڕیفراندۆمیشەوە، پەیامی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشە بۆ ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا".
میدیاکانی ئێران لە زاری یان کوبیش، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق (یونامی)، بڵاویان کردبویەوە کە نوێنەری یوئین لە عێراق، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستانی بە نایاسایی داناوە و گوتوویەتی پرسی ڕیفراندۆمی لەو شێوەیە لە دەستووری عێراقدا نەھاتووە، جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر کردووەتەوە.
باسنيوز
