سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: بە هیچ شێوەیەک ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ناهێنینە خوارەوە
دادگاکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان "پێچەوانەی یاسای قۆناغی راگوزەری ئیدارەی دەوڵەتی عێراقە لە ساڵی 2004دا".
لە نووسراوەکەی دادگای ئیداریی عێراقدا هاتووە: "هەریەک لە عەلی مەهدی سادق، ترکان شکور ئەیووب، قاسم حەمزە ئەحمەد، تەحسین محەممەد عەلی و عەدنان نوورەدین محەممەد، ئەندامانی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دادگای ئیداری عێراق سکاڵایان لەسەر ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت تۆمار کردووە".
محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەم بارەوە ڕایگەیاند: "لەبەر ئەوەی ئەوان واتە، لایەنە عێراقییەکان پابەندی دەستوور نەبوون و یاسایان پیشێل کردووە، ئێمەش پابەندی بڕیارەکەی ئەوان نابین".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کرکووک گوتیشی: "لەبەری ئەوەی بڕیارەکە ئیدارییە، دەکرێت پێداچوونەوەی تێدا بکرێت و هاوکات تانەشی لێ بدرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کەیسی ئاڵا کەیسێکی سیاسییە ".
لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرکاتێک ئەوان مادە دەستوورییەکانیان جێبەجێ کرد، ئەوکاتە ئێمەش پابەندی بڕیارەکەی ئەوان دەبێن، چونکە دەستوور لە بڕیارەکەی ئەوان گرنگترە، بڕیارەکەی ئەوان کاریگەریی لەسەر ڕەوشی کەرکووک نییە و ناشیبێت و گوتیشی من پێم وایە ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تانە لەو بڕیارەی ئەوان ئەدەن و من دڵنیام هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەدژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە، چونکە بابەتی ئاڵا پەیوەندیی بە هەموو کوردستانیانەوە هەیە و تەنیا هی لایەنێکی دیاریکراو نییە".
بەهاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر فەرمانگەکانی کەرکووک پەسند کرد و دوای ئەوە چەند لایەنێکی تورکمانی و لە کەرکووک لە دادگای عێراق سکلایان لەدژی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار کرد.
باسنیوز
