بارزانی: ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکات

 بارزانی: ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی گەلی کوردستان دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 17\8\2017، لە شارۆچکەی سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کۆ بووەتەوە.

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بۆ رێگرتنە لە خوێنڕشتن و دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بەسەر گەلی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ”هەڵوێستێکی مێژوویی و نیشتمانی“ی حزبە کوردستانییەکانە و کوردستان وەک چۆن لە رابردوودا فاکتەرێکی سەقامگیری بووە، ”لەدوای سەربەخۆییشدا بەھەمانشێوە دەبێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا“.

مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دۆزی رەوای خۆی دەباتە پێشەوە و ئێستاش بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە وەک قۆناگەکانی رابردوو نییە، هەروەها ”ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان دەکات“.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز پاڵپشتیی خۆی و حزبەکەی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندووە و بڕیاری ئەنجامدانیشی بە ”بەبڕیارێکی نیشتمانی و مێژوویی“ داناوە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.











باسنیوز
Top