ێچیرڤان بارزانى: پارتی وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییدا دەبینێ
دهقهی پەیامی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لە ١٦ی ئابی پیرۆزدا و بەبۆنەی حەفتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتیمان دەکەین. پیرۆزباییی تایبەت لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکەین، پیرۆزباییمان بۆ سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە کوردستانییەکان.
لەم یادە پیرۆزەدا لەگەڵ دانهواندنى سەری ڕێز و نەوازشمان بۆ گیانی پاکی شەهدان، بەڵێنی بەردەوامی و سووربوون لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەیان دووپات دەکەینەوە تا هێنانەدی ئاواتەکانیان و خەونی دێرینەی گەلەکەمان لە کوردستانێکی سەربەخۆی ئاشتیخواز و گەشەسەندوودا لە سایەی پێکەوەژیان و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی بەردەوامدا بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان.
مایەی شانازییە بۆ پارتیمان کە لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییدا دەبینێ. بەشداریی کاریگەرانەی کادیران و ئەندامانی پارتیمان لەم پرۆسەیەدا بەڵگەی ئەمەک و دڵسۆزییانە بۆ ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی.
هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن و کوردستانیشمان هەمیشە ئارام و ئاوەدان.
نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
2017/8/16
