نازم دەباغ: سەکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە دەدات

 نازم دەباغ: سەکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە دەدات
نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تاران لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندووە زۆرینەی کورد لەگەڵ سەربەخۆیی دان و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان تاکە سەرچاوەیە کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە دەدات.

نازم دەباغ، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی خوێندکارانی ئێران (ئانا) ڕای گەیاندووە: "شاندی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، یەکەم هەنگاویان بۆ دانوستان و گوفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەڵگرتووە و ئێستا نۆرەی عێراقە کە بۆ لابردنی کێشە و ناکۆکییەکان بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرێت".

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەگشتی هەرچەشنە ڕێککەوتنێک کە بتوانێ جێگەی بایەخی لایەنە کوردستانییەکان بێت، پەسەند دەکرێت، بێگومان هەموو ئەم بابەتانە پەیوەندییان بە لایەنی (عێراقی)یەوە هەیە و تەنانەت ئەگەر هەموو وڵاتانیش کۆ ببنەوە و هەروەک ئەمریکاش بەمدوایانە پێشنیاری دواخستنی ڕیفراندۆمی کرد، دەبێ ڕەزامەندیی هەرێمی کوردستان دابین بکەن".

نازم دەباغ، ڕێگەچارەی پێشنیاریی ئەمریکای لەبارەی وەدواخستنی ڕیفراندۆم بە (کاتی) وەسف کردووە و گوتی: "سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان تەنیا سەرچاوەی یاسایی و ڕەوایە کە دەتوانێ لەبارەی ڕیفراندۆم، یان وەدواخستنی، بڕیاری کۆتایی بدات. هەتا ئێستاش شێلگیرانە لەسەر ئەوە پێداگرن لە هەمان کاتی دیاریکراوی خۆی 2017/9/25 ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت. لە درێژەدا ڕاشی گەیاندووە، ئاساییە ئەو وڵاتانەی ئەمجۆرە پێشنیارانە دێننە گۆڕێ، دەبێ بتوانن گرەنتیی ئەوەش بدەن کە هیچ گرفتێک لەبارەی دیاریکردنی مافی چارەنووسی کورد نەیەتە پێش و هاوکات دەوڵەتی عێراقیش لە بەرانبەر ویستی کورددا پابەندی بەڵێنییەکانی خۆی بێت".

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆخی زاڵی سیاسی بەسەر هەرێمی کوردستان و هاوسەنگیی هێز لە نێوان گرووپی (نەخێر) و (بەڵێ) ڕای گەیاند: "زۆرینەی کورد خوازیاری سەربەخۆیین و هیچ کوردێک نییە کە نەیەوێت دیموکراسی لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت".









باسنيوز
Top