بۆ پرسی رێفراندۆم و ھەڵبژاردنەکان ھەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت
حەمەسەعید ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاڕێزگای ھەڵەبجەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: "لەمانگی نیسانی 2017وە، بینای فەرمانگەی پاڕیزگای ھەڵەبجەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان کراوەتەوە، تێیدا دەوام بەشێوەیەکی فەرمی کراوە".
بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاڕێزگای ھەڵەبجەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، ئەوەشی روون کردەوە: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەڵەبجەی وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ ناساندووە و کارە ئیدارییەکانی جیاکراوەتەوە".
ئاشکراشی کرد: "لەبەرئەوەی ھەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ کراوە، لەکاتی ھەڵبژاردنەکان پڕۆسەی ھەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەناو پارێزگای ھەڵەبجە دەبێت".
بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاڕێزگای ھەڵەبجەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، گوتیشی: "پارێزگای ھەڵەبجە پێنج بنکەی تۆماری دەنگدەرانی تێدایە، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ھەڵبژرادنەکانی ھەرێمی کوردستان ، ئامادەکاری پێویستمان کردووە و لەبەر ئەوەی سنوورەکەی بچووکە و دەنگدەریشی کەمە، گرفتمان بۆ دروست نابێت".
باسنیوز
