بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر: ئاوی یەکە نیشتەجێبوونەکان سەر بە بەرێوەبەرایەتیی ئاو نییە

 بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر: ئاوی یەکە نیشتەجێبوونەکان سەر بە بەرێوەبەرایەتیی ئاو نییە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ھەولێر، ڕای دەگەیەنێت، کە ئەو پڕۆژەی یەکە نیشتەجێیانەی لەلایەن وەبەرھێنەرەکانەوە دروست کراون، ھەر خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بۆیە دەڵێت "ئێمە ھیچ پەیوەندیمان بەو کێشانەوە نییە کە بۆیان دێتە پێش".

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ھەولێر ڕایگەیاند: "بەشێک لەو پڕۆژەی یەکە نیشتەجێیانەی لە ھەولێردا ھەیە، ھێشتا نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەک ئاو و کارەبا، بۆیە ھەر گرفتێک لەم ڕووانەوە بۆ دانیشتوانەکەیان دروست ببێت، ئێمە ناتوانین ھیچیان بۆ بکەین، چونکە لەلایەن وەبەرھێنەرەکانەوە بەڕێوە دەبرێن".

پێشتر ھەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کە ئاوی 100 ماڵ لە یەکەی نیشتەجێبوونی ھیران سیتی بڕاوە، بەھۆی ئەوەی پارەی خزمەتگوزاییان نەداوە، لەوبارەوە بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، ئەوەشی روون کردەوە: "بەپێی کۆنوسێک کە لە نێوان پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ھەولێر، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ھەولێر واژۆ کراوە، دەبێت پارەی خزمەتگوزارییەکان بدرێت بە وەبەرھێن، ھەر بۆیە ئەگەر کێشە لەو یەکەنیشتەجێیانە دروست ببێت، ئەوا دەستەی وەبەرھێنان و وەبەرھێنانی ھەولێر لێی بەرپرسن".











باسنیوز
Top