ئەنجومەنی خانەقین بڕیاری دا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە سنوورەکەیدا بکرێ
بەپێی نووسراوێک کە واژووی سەمیر محەمەد نور، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقینی بەسەرەوەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 16/8/2017، ئەنجومەنەکە بە ئامادەبوونی 18 ئەندام، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی تاوتوێ کردووە.
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە حکوومەتی عێراقی فیدرال ماوەی 10 ساڵ بەسەر ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا تێپەڕیوە و حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە نانێت.
ئەنجومەنی خانەقین لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری داوە ڕیفراندۆم لە سنوورەکەیاندا بکرێت و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، خەڵکی سنوورەکە لە ڕیفراندۆم بێبەش نەکەن و بنکەی دەنگدان لە سنووری خانەقین و دەوروبەری بۆ ڕیفراندۆم دابمەزرێنن.
باسنيوز
