ئەندامێکی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا: ئەمریکییەکان پێیان گوتین تاسەر هەماهەنگیمان دەبێ

 ئەندامێکی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا: ئەمریکییەکان پێیان گوتین تاسەر هەماهەنگیمان دەبێ
یەکێک لە نوێنەرانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدای پایتەختی عێراق، وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان شاندەکە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ئاشکرا کرد.



ماجید بازرگان، نوێنەری تورکمانەکان لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و لەو شاندەی ئێستا لە بەغدایە، ڕاگەیاند: لەگەل عەممار حەکیم، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق کۆبووینەوە، بە ڕاشکاوانە پێمان گوتن مادام قەدەری عێراق ئەوەیە کە ئێوە دەڵێن با پێکەوە بین، دیارە قەدەری کوردستانیش ئەوەیە کە سەربەخۆ بێت“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە بەغدا گفتوگۆیان کردووە و سەرجەمیان ”بۆچوونیان باش بوو“. گوتیشی: ”بە باڵیۆزی ئەمریکامان گوت کە هەق نییە بۆچوونتان وابێت بەرانبەر بە کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم، چونکە ئەمە بڕیاری گەلی کوردستانە، ئەوانیش بە پەرۆش بوون بۆ پەیوەندیی کوردستان و ئەمریکا، خۆشیان گوتیان کە تاسەر ھەماھەنگییان دەبێت".



لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆوە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد: ”ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرێنەوە، ناڕاستن و ئەمریکا خەریکە هاوپەیمانیی سەربازیی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوان دەکات“.



ماجید بازرگان ئاماژەشی بەوە کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 16/8/2017، چاویان بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بکەوێت.





باسنیوز
Top