سەرچاوەیەک: مالیکی چەندین جار داوای کۆبوونەوەی لە شاندی ریفراندۆمی کوردستان کردووە

 سەرچاوەیەک: مالیکی چەندین جار داوای کۆبوونەوەی لە شاندی ریفراندۆمی کوردستان کردووە
سەرچاوەیەک رایگەیاندووە، کە سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا چەندین جار داوای کۆبوونەوەی لە شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە.



بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندەکە رایگەیاندووە، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2006-2014) و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا زۆر ”بە پەرۆش“ بووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندەکە.



ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، کە ”رەنگە“ ئەو هەوڵەی نوری مالیکی بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، چونکە دژایەتییەکی سەختی مافەکانی گەلی کوردستانی دەکرد و بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی لە ساڵی 2013، بڕی.



هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نووسینگەی تایبەتیی مالیکی ”زیاتر لە داواکارییەک“ی بۆ شاندەکە ناردووە و تێیدا داوای کۆ بوونەوەی کردووە.



زۆرینەی سەرکردەکانی عێراق، نوری مالیکی بە هۆکاری داگیرکرانی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، دەزانن، بەهۆی ئەوەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو و فەرمانی کشانەوەی سوپای لەو شارانە دەرکرد.



ئێوارەی رۆژی دووشەممە 14\8\2017، شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەردانی بەغدای کرد، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.









باسنيوز
Top