شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ دەبنەوە
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 14\8\2017، شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەردانی بەغدای کرد، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 16\8\2017، شاندەکە، کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان دەکات، لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستی بە کۆبوونەوە کرد.
بڕیارە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەلیم جبوری، شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کۆ ببێتەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆزانی وڵاتان لە بەغدا، پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانە بە رێگایەکی ئاشتییانە، بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باش بۆ یەکتر.
باسنيوز
