شاخەوان عەبدوڵڵا: تا پێنجشەممەی دابێ مۆڵەت دراوە لەسەر هەڵبژاردنی کەرکووک ڕێککەوتن بکرێت

شاخەوان عەبدوڵڵا: تا پێنجشەممەی دابێ مۆڵەت دراوە لەسەر هەڵبژاردنی کەرکووک ڕێککەوتن بکرێت
پێنجشەممەی دابێ لە پەرلەمانی عێراقدا پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەخرێتە دەنگدانەوە و لە ئێستاوە تا ئەو وادەیەش مۆڵەت بە لایەنەکان دراوە، لەسەر ماددەی ٣٧، کە تایبەتە بە کەرکووک ڕێککەوتن بکەن.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق ھەموو ماددەکانی پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی، جگە لە ماددەی ٣٧، کە باسی ئەوە دەکات کەرکووک یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربکرێت، پەسەند کرد، بۆیە دەرفەت بە لایەنەکان دراوە تا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتن بکەن، کە بڕیارە ئەوکات دەنگدانی گشتی لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە بکرێت و پەسەند بکرێت.''

(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی: ''ئێمە داوامان کردووە، کەرکووکیش بە ھەمان شێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ھەڵبژاردنی لێ بکرێت، بەبێ ئەوەی یاسای تایبەتی بۆ دەربکرێت، بۆیە گەر بەم داواکارییەی ئێمە ڕازی نەبن، ئێمە دەنگی پێ نادەین.''

پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ماوەیەکی زۆرە لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و فراکسیۆنەکان ناتوانن لەسەری بگەنە ڕێککەوتن، بەتایبەت لەسەر ئەو ماددەیەی باسی کەرکووک دەکات، کە بە پێی ئەو پڕۆژەیاسایەی حکوومەت بۆ پەرلەمانی ڕەوانە کردووە، پێویستە یاسایەکی تایبەت بۆ کەرکوک دەربکرێت، بەڵام کورد ڕەتی دەکاتەوە.
kdp-
Top