ئەمڕۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی گوندی کۆچۆ بەرز ڕادەگێریت

 	 ئەمڕۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی گوندی کۆچۆ بەرز ڕادەگێریت
ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گوندی کۆچۆدا تێپەر دەبێت، وەک بەرپرسی ڕاگەیاندنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش دەڵێت، ئەوان لە سەرجەم ناوچە ئێزدییەکان و لە هەموو نووسینگە و بنکەکانی لالش و کەمپەکانی سەرتاسەری ناوچە ئێزدییەکاندا یادی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەنەوە.

لە ٣ی مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٤دا داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، زیاتر لە هەزار کەس کوژران و ٣٦٠ هەزار کەس ئاوارە کران و ٦ هەزار کەسیان ڕفاند و، ئێستا ٤٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال هەن، جگە لە گۆڕی بەتاک و ٩٠ هەزار کەس ئاوارە کران و داعش لە (١٥-٨-٢٠١٤)دا کۆمەڵکوژی بەسەر گوندی کۆچۆدا هێنا.

گوندی کۆچۆ دەکەوێتە ١٨ کیلۆمەتریی باشووری قەزای شنگال و ئێستا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەردا گرتووە. پێش هاتنی داعش زیاتر لە ٢٢٠ خێزان و ٢٠٠٠ کەس لەو گوندەدا دەژیان.

لەو بارەیەوە، (خشۆ میرزا)، بەرپرسی بنکەی لالش لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا بە سەدان خەڵکی گوندی کۆچۆ دیار نین و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش نەکراونەتەوە. تا ئێستا ١٩ کەس، کە لە ژێر لەشی مردووەکاندا خۆیان حەشار دابوو، ڕزگاربوونە و ٤٨٠ ئافرەتی ئێزدی لە ژێر گوڕێکی بە کۆمەڵدان، لە ئامادەییی پێشەسازیی قەزای شنگال.''

بەرپرسی بنکەی لالش لە شنگال گوتیشی: ''تا ئێستا حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچیان بۆ ئێزدییان نەکردووە، تەنیا (سەرۆک بارزانی) هاوکاریی کوردانی ئێزدیی کرد و شنگالی ڕزگار کرد.''

kdp-
Top