کەرەم: شاندی هەرێم وادەکات بەغدا دژی ڕیفراندۆم نەوەستێت

 	 کەرەم: شاندی هەرێم وادەکات بەغدا دژی ڕیفراندۆم نەوەستێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا کەشێکی وا دروست دەکات، کە بەغدا دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم نەکات.

شاندێکی حەوت کەسیی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و شەوی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆککۆمار و باڵوێزی ئەمەریکا و باڵوێزی ئێران کۆ بوونەوە و بە گوتەی ئەندامانی شاندەکە ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوونە و لە کەشوھەوایەکی ئارامدا بەڕێوە چوونە.

لەو بارەیەوە، (عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو سەردانەی شاندی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرینگە، ئەگەر ئەو سەردانەیان نەکردایە سبەی گلەییان دەبوو، بۆیە ئەو سەردانە وا دەکات ئیدی حکوومەتی عێراق و لایەنەکان گلەیی لە ھەرێمی کوردستان نەکەن، کە پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات، بۆیە سەردانەکە زۆر لە شوێنی خۆیدایە و کەشێکی باش دروست دەکات.''

سەرکردایەتیی کورد بڕیاری داوە ڕای بەغدا دەربارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم ھەرچۆنێک بێت، ئەوان پرۆسەکە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا بەڕێوە دەبەن و لێی پاشگەز نابنەوە، لەو بارەیەوە (عەرەفات کەرەم) گوتی: ''ئەو شاندەی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نوێنەری ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی تێدایە و شاندێکی حزبی نییە، بۆیە ئەنجامی زۆر باشی دەبێت و ئێمەش بۆ ئەوە نەچووین بۆ بەغدا، کە ئەوان ڕیفراندۆم قبووڵ بکەن، بەڵام بۆ ئەوەیە کە ئاگادار بن، ھەرێم پرۆسەکە ئەنجام دەدات و دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئارام پرۆسەکە بەڕێوە بچێت و ئەوان دژایەتیی نەکەن.''

زۆر جار لە میدیا عەرەبییەکاندا ھەندێک لێدوان دژی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەدرێن و ڕەتی دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن، کە نابێ کورد لە عێراق جیا بێتەوە و دەنگۆی ئەوەش ھەبوو، کە بەغدا پێشوازی لەو شاندەی ھەرێم ناکات، (کەرەم) ئەم بابەتەی ڕوون کردەوە و گوتی: ''ئەو شاندەی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت کەشێک لە بەغدا دروست بکات، کە ئەو دژایەتییەی لە ڕیفراندۆم دەکرا، نەکرێت، چونکە ھەر ئێستا ھەمووان پێشوازییەکی گەرم لەو شاندە دەکەن و لەگەڵیان کۆ دەبنەوە و دەیانەوێت لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەرێم و بەغدادا بکرێت.''

(کەرەم) ڕاشیگەیاند: ''زۆر گرینگە شەقامی عێراقی تێبگەیندرێت، کە ھەرێمی کوردستان دەیەوێت بە ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی و ئاڵۆزی پرۆسەکە ئەنجام بدات، چونکە ئێمە دەمانەوێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوە بچێت.''

شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لە ھەریەکە لە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس)، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، (سەعدی ئەحمەد پیرە)، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، (محەممەد ئەحمەد)، نوێنەری مەسیحییەکان، (رۆمیۆ ھەکاری)، نوێنەری تورکمانەکان، (ماجد بازرگان) و، نوێنەری کوردانی ئێزدی، (ڤیان دەخیل) پێک ھاتووە.
kdp-
Top