"ئێران زیانی لە کۆچەرەکان داوە"
لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا شاندێكی باڵای هەرێم هەر لەسەر تۆپبارانەكە سەردانی ئێرانیان كرد و لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆ بوونەوە و ڕێك كەوتن و، ئێران بەڵێنی بە شاندەكەی هەرێم دا، كە چی دیكە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم تۆپباران نەكات، بەڵام ناوبەناو ئێران ناوچەكە تۆپباران دەكات، ئەوەش مەترسیی لای هاووڵاتیان دروست كردووە.
حاجی ئۆمەران 18 گوند لە خۆ دەگرێت، بەڵام تەنیا 10 گوندی ئاوەدانن، ئەوانی دیكە تەنیا لە وەرزی بەهاران و هاوینان ئاوەدان دەكرێنەوە، ئاو و هەوایەكی سازگاری هەیە، ئەوەش وای كردووە، كە ساڵانە جووتیار و مەڕدارێكی زۆر ڕوو لە ناوچەكە بكەن و كاری كشتوكاڵی و مەڕداری بكەن.
(فەرزنگ ئەحمەد)، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئێران بە بیانووی ئەوەی كە بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگەكانی حدكا لەسەر سنوور هەنە، ناوچەكە تۆپباران دەكات، بەڵام ئەوە نابێتە بیانوو، چونكە ئاسایشی ناوچەكە تێك دەدات، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، بە مەبەستی بەخێوەكردنی مەڕ و ماڵات، ئاژەڵداری و كاری كشتوكاڵی، ژمارەیەكی زۆر كۆچەر و جووتیار ڕوو دەكەنە كوێستانەكانی ناوچە سنوورییەكانی سنووری حاجی ئۆمەران، ئێران ئەمساڵ دووجار ناوچەكەی تۆپباران كردووە، بەوەش زەرەر و زیان بەر جووتیاران و كۆچەرەكان كەوت، هاووڵاتی هەیە بە هۆی تۆپبارانەكەوە زیاتر لە 30 سەر مەڕ و بزنی لەناوچووە، لەگەڵ ئەوەی زیان بەر كشتوكاڵ و خانووەكان كەوتووە، دوو هاووڵاتیش بریندار بوونە و ئێستاش ڕەوشەكە نائارامە، خەڵكەكە هەموو هاتوونەتە خوارەوە، ئەوەی بۆ ئێمەش بووەتە كێشە، ئەوەیە کە شوێن نییە بۆ ئەوانەی دابین بكەین، چونكە ساڵان تا 14/9 نەدەهاتنە خوارەوە، بۆیە كێشەیەكی زۆریان بۆ ئێمە دروست كردووە.''
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران گوتیشی: ''چەندین جار لە ڕێگەی هێزی پاسەوانی سنوورەوە ئێرانمان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام وەڵام نادەنەوە، ئەوەش نیگەرانیی مەڕدار و جووتیاران و گوندنشینانی بە دوای خۆیدا هێناوە، چونكە ئێستا نازانن چی بكەن؛ دەگەڕێنەوە ئێران تۆپبارانی دەكات، نەگەڕێنەوە ئەو كارەی ئەمساڵ كردوویانە هەمووی بەفیڕۆ دەچێت، بۆیە داواكارن ئێران ناوچەكە تۆپباران نەكات، بۆ ئەوەی لەسەر كاری خۆیان بەردەوام بن و بتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن.''
kdp-
