لە چوار بەش سێ بەشی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی هاتوونەتە عێراق لە هەرێمی کوردستانن

 	 لە چوار بەش سێ بەشی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی هاتوونەتە عێراق لە هەرێمی کوردستانن
چەند ساڵێکە قەیرانی دارایی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئارامی و ئاسایش وای کردووە، چەندین کۆمپانیای بیانی ڕوو لە هەرێم بکەن، وەک بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێت، زۆرێک لە کۆمپانیا بیانییەکانیش چاوەڕێی باشبوونی بارودۆخی داراییی هەرێمن، تاوەکو بێنە کوردستان. توێژەرێکی ئابووریش پێی وایە، لە پاڵ ئەو ئاسانکاری و بە دەمەوەچوونەی هەرێم بۆ کۆمپانیاکاندا، ئاسایش و ئارامییەکەی هەرێمیش فاکتەری سەرەکین بۆ هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان.

بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا (٧٧٥) کۆمپانیای ناوخۆیی و (١٣) کۆمپانیای بیانییش تۆمار کراون، بە بەراوردیش لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق، هەرێمی کوردستان زۆرترین کۆمپانیای بیانی تێدا تۆمار کراون و دەسبەکار بوون.
(دڵزار ئیسماعیل) بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی وت: "لە شەش مانگی ئەمساڵدا ٧٨٨ کۆمپانیامان تۆمار کردووە، کە ١٣یان بیانین، لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەوەش سەرباری مانەوەی سەدان کۆمپانیای بیانی تر، کە لە هەرێم ماون".
سەرەڕای درێژەکێشانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستاش رۆژانە کۆمپانیا تۆمار دەکرێن، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان، ئەوەش بۆ هۆکاری ئارامی و ئاسایشی هەرێم دەگێڕێتەوە و دەشڵێت: "سەرباری ئەو قەیرانە داراییە و یاسای تۆماری کۆمپانیاکان، کە تا رادەیەک سەردەمی نین، هێشتا کۆمپانیا بیانییەکان چاویان لەوەیە بێنە هەرێمی کوردستان".
(دڵزار) بەراورد لە نێوان هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عێراق دەکات ئاشکرای دەکات، کە زۆربەری زۆری کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستانن، نەک شارەکانی تری عێراق، "بە شێوەیەکی رەسمی ٣٢٠٠ کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لە ١٥ شارەکەی تری عێراق، نزیکەی ٩٠٠ کۆمپانیای بیانی بوونیان هەیە، واتە سێ ئەوەندە کۆمپانیای بیانی لە هەرێمن".
(سیروان قادر) توێژەری ئابووری و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی: "فاکتەری ئارامی و ئاسایش رۆڵێکی گرنگ لە هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ کوردستان دەبینن، وەبەرهێن ناڕواتە جێیەک کە ئارامی تێدا نەبێت، چونکە مجازەفە بە سەرمایەی خۆی ناکات، هەربۆیەشە دەبینین کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر لەوانەی عێراق زیاترن".
لەمەڕ پڕۆژە و چۆنییەتی کۆمپانیا بیانییەکان و وڵاتەکانیان، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ٣٠% بازرگانین و ٢٠% بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان و ٥% تەندرووستین، ٥% تەدریبین، ١٠% گواستنەوە و ١٠% بواری نەوت سامانی سرووشتین، هاوکات ٤٠% کۆمپانیا تورکییەکانن و ١١% ئێرانی و ئەوانی تر ئەمەریکی و بەریتانی ئیماراتی و ئوردنی و چەند وڵاتێکی ترن.
ناوبراو پێشی وایە، بە هۆی ئەو ئارامییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، هاوکات بوونی سامانێکی زۆری سرووشتی چەندین کۆمپانیای گەورەی جیا جیای بیانی چاوەڕێن بێنە هەرێمی کوردستان.
لە بارەی بوونی سامانی سرووشتی و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، (سیروان قادر) توێژەری ئابووریی پێیوایە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافییەوە، شوێنێکی ستراتیژی گرنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی ئابووریی و گەشتوگوزارەوە هەیە، دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و شوێنی گەشتیاری و خاکێکی بە پیتی کشتوکاڵیشی هەیە، دەتوانرێت بە شێوەیەکی تەندرووست بەکار بهێندرێت، کە ببێتە سەرچاوەی داهات".
ئەو توێژەری ئابوورییە دەشڵێت: "بە داهاتی ئەو هەموو سەرچاوانە بە هاندانی کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان دەبێت، کە سەرمایەکانیان لەو بوارانەدا بخەنە گەڕ".
ناوبراو ئاماژەی بە بوونی هۆکارە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، وتی: "هەرێم هۆکارە ئابوورییەکانی وەک زەوی، هێزی کار، کارگێڕی و پلاندانان و سەرمایەی هەیە، کە ئەم بنەمایانە لە زۆر وڵاتدا یەک یا دوانی هەیە".
ئەو ئاماژە بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکات، وەک دەرکردنی یاسای وەبەرهێنان و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان، "بە پێی یاسای دانان و دەسبەکاربوونی کۆمپانیا بیانییەکان حکوومەتی هەرێم زەوی پێویستیان بۆ دابین دەکات و بۆ ماوەیەکی درێژیش لە باج دەبەخشرێن، هەروەها ئاسانکاری لە رووی کارگێڕییەوە بۆ کۆمپاناکانیش هۆکاری دیکەن".
kdp-
Top