"پارتی لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگ و هەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە"

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی ڕۆژی شانزەی ئاب و، حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم.

پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان ئامرازی بەرگریكردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا.

پارتی لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگ و هەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە لە قۆناغە گرنگەكانی خەباتی گەلی كوردستان و ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنان و شەڕی تیرۆر و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بە شانازییەوە خاوەنی هەمان ئەرك و ڕۆڵە و لەم ڕێگەیەدا قوربانیی بێهەژماری داوە.

لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وكۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. ئەو خۆڕاگرییە مكوڕترمان دەكات لە هەنگاونان بەرەو ئاییندە و كاركردن بۆ مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی كوردستانە. سەربەخۆیی كوردستان و ئاشتی و پێكەوەژیان ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆیی كوردستان هەیە.

داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە بە هەموو توانایەكیان هاوشان لەگەڵ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بن، چونكە جگە لە سەربەخۆیی، گەلی كوردستان هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەم نییە، ئەوەیش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان و بەرقەراربوونی ئاشتی و بووژانەوە.



مسعود بارزانی

15ـی 8ـی 2017

Top