پەرلەمانتارێک: بەدەنگەوەھاتنی بەغدا بۆ شاندی باڵای ڕیفراندۆم باشە
نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "تا ئێستا بەدەنگەوە ھاتنی باش بۆ پێشوازیکردن لە شاندی ڕیفراندۆم لەلایەن بەغداوە ھەبووە، بە گوێرەی زانیارییەکان، وەڵامە دڵخۆشکەرەکان ئەوە بووە، کە لەکاتی دانوستان و قسەکردن لەسەر بابەت و گرفتەکان و ڕیفراندۆم، لەگەڵ لایەنی عێراقییەکان و ئەو بەرپرسانەی تا ئێستا بینیویانن، بەدەنگەوە ھاتنی باش ھەبووە، گفتوگۆکانیش بەدەوام دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو: "باسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا کراوە، کە لە 25ی ئەیلوول ئەنجام دەدرێت، ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو وادەیەدا نایەت".
نەدا مێرگەسۆری، ئاشکراشی کرد: "ئێمە لە 25ی ئەیلوول ڕیفراندۆم دەکەین، نەک داوای ڕوونکردنەوە لەوان بکەین، چونکە ڕیفراندۆم ئامارازێکی دیموکراسیخوازانەیە بۆ ئەوەی بگەین بە سەربەخۆیی، ھەروەھا ھێشتا ھەموو لایەک بڕیارییان لەسەر ئەو پرسە نەداوە، بۆیە ئەبێت ئێمە چاوەڕێی دەرئەنجامەکان بکەین".
دوێنی دووشەممە 14/8/2017 شاندی ڕیفراندۆم بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرس و لایەنەکانی عێراق لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، سەردانی بەغدایان کرد.
باسنیوز
