گەرمیان.. ھەڵمەتی لەناوبردنی لیشمانیا دەستی پێکرد
ئەمڕۆ سێشەممە 15/8/2017 لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، تێدا ھاتووە: "بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، ھەڵمەتێکی 10 رۆژەی دەستپێکردووە بۆ لەناوبردنی مێروو و مێشولەی گوێزەرەوەی نەخۆشی لیشمانیا، لە سنووری گەرمیان، ھەڵمەتەکە بریتییە لە رشتنی دەرمانی قڕکەری تایبەت بۆ لەناوبردنی مێر و مێشولەی گوێزەرەوەی نەخۆشیی لیشمانیا کە (حبە بغداد)یش ناودەبرێت".
لە راگەیەندراوەکە، ئەوەش خراوەتەڕوو: "دەرمان ڕشتنەکەش لە دوکانەکانی فرۆشتن و سەربڕینی مریشک، قەسابخانە و شوێنکارەکانی فرۆشتنی گۆشت و ئەو ماڵانەی کە گومان دەکرێت نەخۆشیی و مێروو و مێشولەی گوێزەرەوەیان تێدا بێت، ئەنجام دەدرێت".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، ئەوەشی روون کردوەتەوە: "ھەڵمەتەکە لەلایەن بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیانن، بەڕێوەدەچێت".
باسنیوز
