حەشدی شەعبی گەنجێکی کورد دەڕفێنێ و لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای پارە دەکات
محەمەد نووری، باوکی ئەو گەنجە کوردەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ڕفێنرا، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی کە لە 7/8/2017 ھەردی محەمەد، بە بارھەڵگرەکەی، بارێک بۆ بەغدا دەبات، لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە دەڕفێندرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنیشی داوای 600 ھەزار دۆلاریان لێ کردین، بەڵام دواتر بڕی پارەکەیان کەم کردەوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە، دواتر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و ھەڕەشەی ئەوەیان لێ کراوە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی داوایان کردووە پێیان نەدرێ، ”کوڕەکەمان دەکوژن“. گوتیشی: ”کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی 14/8/2017، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بەغدا، کوڕەکەم ئازاد کرا“.
ھەردی محەمەد، ئەو گەنجە کوردە ڕفێندراوەی دەستی حەشدی شەعبی، دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە و پیشەی شۆفێری بارھەڵگرە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی ڕفاندنی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی نێوان کەرکووک - بەغدا لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە ھەبووە کە ژمارەیەک لە ڕفێندراوان، پاسەوانەکانی فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراقن.
باسنیوز
