پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: بەهۆی شاندەکەوە ھەڵوێستی بەغدا لەبارەی ڕیفراندۆم دەگۆڕێت
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند، ئەوان وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو، پێشوازی لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکەن و ڕای گەیاند، ئەو شاندە بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە وەک شاندی دەوڵەتی کوردستان هاتوون و نامەیەکیان لەلایە کە بە ڕوون و ئاشکرایی بە بەغدا دەڵێن ”سەربەخۆییمان دەوێ“ و بۆ ئەمەش ڕێگەی گفتوگۆ گیراوەتە بەر.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا ”پەیامێکە بۆ ناوخۆی کوردستان کە ئێمە بەنیاز نین شەڕ لەگەڵ کەس و ھیچ لایەنێکی بەغدا بکەین، بەڵکوو مافێکی ڕەوانەی خۆمانە داوای ئەو مافانەمان بکەین کە شایانمانە“. گوتیشی: ”جگە لەوەی سەردانەکە پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەوەی ئەوان چۆن قەبووڵیانە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەکەن، ئاواش دەبێت ڕێز لە ئیرادەی گەلی کوردستان بگرن، چونکە ئەمە خواستی گەلی کوردستانە و دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێبگات".
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو، ”ھەڵوێستی بەغدای پێش دوو ڕۆژ، جیاوازە لەوەی ئێستا، چونکە ئەوەی لە ڕاگەیاندن دەگوترێت، جیاوازە لەوەی لە واقیعدا هەیە، بە واقیع لەگەڵیان کۆدەبینەوە و ئەوان قسەیەکی دیکە دەڵێن“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە بەغداوە بە شاندی کوردستان دەگوترێت ”بڕۆن مافی خۆتان دیاری بکەن“، بەڵام ”ئێستا لەبەر پرسی ھەلبژاردن و حەشدی شەعبی و زاڵ بوونی ئێران. عێراق فشاری لەسەرە، ئەگینا دەسەڵاتی بەغدا زۆر لەمبارەیەوە گۆڕاوە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوێنێوە شاندێکی باڵای کوردستان کە لە (د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و گوتەبێژی فەرمیی ئەو حزبە، فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڤیان دەخیل، نوێنەری کوردانی ئێزدی، ڕۆمیۆ هەکاری، نوێنەری کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و ماجید عوسمان، نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان) پێکهاتووە، سەردانی بەغدای کردووە و بڕیاری 3 ڕۆژ بمێنێتەوە.
باسنيوز
