شاخەوان عەبدوڵا: پارێزگای كەركووك لە بڕیادانی چارەنووسی خۆی سەربەستە
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئابی 2017 پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە، هەروەها لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێك دەكرێت، كە یەكێك لەوانە پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە".
ئەندام پەرلەمانەكەی پارتی ڕاشی گەیاند: "خاڵی ناكۆك لەسەر هەڵبژاردنی پرۆژە یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە، چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ توركمان و عەرەبەكان كراوە، بەڵام ئەوان لە ترسی لەدەستدانی دەنگەكانیان لەگەڵ هەڵبژاردنی كەركووك نین، هەر بۆیە لەمیانەی كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا لە ماڵی خۆی، كە ئاڵا تاڵەبانیش ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو، پێم گوت "ئەگەر ئەو پرۆژە یاسایە داخل نەكرێت و ڕەت بكرێتەوە، ئەوا ئێوە بەرگەی هەر بەرپرسیارییەت دەگرن، كاتێك ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری لەسەر دا؟ یان بڕیاری هەڵبژاردنی لەگەل ئەنجومەنی پارێزگاكانەی هەرێمی کوردستان بدات؟".
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرۆكی پەرلەمان لە وەڵامی پرسیارەكەمدا گوتی "ئێوە زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك پێكدێنن، هەروەها پارێزگاریش لای ئێوەیە، بۆیە ئەوانەی هەڵبژاردنیان ناوێت كەیفی خۆیانە و با نەیانەوێت".
باسنيوز
