سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکمان نییە

 سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکمان نییە
عزەت شابەندەر، سیاسەتمەدار و سەرکردەی دەوڵەتی یاسا و نزیک لە نووری مالیکی، کە پێشووتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کێشەکانی ھەولێر و بەغدا دەخاتە روو.



سەرەتا ئەو ئاماژەی بەوە دا، کە لەگەڵ دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلی کوردستانە، گوتی: ”ئەنجامدانی راپرسی تا دەگاتە راگەیاندنی دەوڵەتیش، مافی شەرعیی گەلی کوردستانە، پێویستە بۆ ئەو بابەتەش ھەرێم، لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ھاوکاری بکات بۆ ئەوەی ئەو بابەتە فەرمیتر بێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان“.



شابەندەر گوتیشی: ”ئەوەی مایەی پرسیارە، کە ئایا لەدوای ئەنجامدانی راپرسی، سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان دەوڵەت رادەگەیەنن یانیش رای ناگەیەنن، بۆیە دەخوازین سەرکردەکانی کورد لەو بڕیارەیاندا ئاگایان لەوە بێت کە ھەڵبژاردنەکەیان دروستە یاخود نا، بە تایبەت لەم کاتەدا“.



عزەت شابەندەر پێی وایە: ”گەلی کورد زۆر چاوەڕوانیی کردووە بۆ ئەوەی خەونی بەدەوڵەتبوونی بێتە دی، بۆ ئەوەی ئەو خەونەی بێتە دی، دەبێت سەرکردەکان بزانن کە ئەگەر کاتی راگەیاندنی ھێنانەدیی ئەو خەونە گونجاو نەبێت، ئەوە بە زیان دەشکێتەوە“.



ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا جەخت دەکاتەوە، ئەگەر ئەو پرسە بە شەڕ و جەنگ لەنێوان ھەولێر و بەغدا یەکلایی بێتەوە، ئەوە ھەموو لایەک زیان دەکەن: "مافی چارەی خۆنووسینی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بابەتێکە ھیچ جێگەی موناقەشەکردن نییە، ئەوە مافێکی شەرعییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا کاتەکەی دروستە یانیش ھەڵەیە، پێمان وایە کاتەکە زۆر گونجاو نییە".



لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی ئەی کەی گونجاوە بۆ ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت، ئەو گوتی: ”دەستنیشانکردنی کاتی گونجاو لای سەرکردەکانی کوردە، ئەویش لە رێگەی دیاریکردنی ھەڵوێستی جیھانی، ھەروەھا پێویستە رەچاوی پێداویستییەکان بکرێت لەناوخۆدا، لەوانە موقەوماتی سامان و دارایی و موقەماتی سیاسی و جوگرافی و سنووری، ئەوەش دەکەوێتە سەر روانینی کورد بۆ ئەو ئیمکانییەتانە کە گونجاون یانیش گونجاو نین، ھەروەھا دەبێت سەیری پەیوەندییەکان بکرێت لەگەڵ ناوەند، ئایا ئەو پەیوەندییانە ئاسایین یانیش ئاسایی نین، ئایا گفتوگۆکردن لە دیاریکردنی سنوور بە قەڵەم دەبێت یانیش بە خوێن".



ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق روونی دەکاتەوە، کە دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە راگەیاندنی دەوڵەتدا حیساب بۆ ئێران و تورکیاش بکەن، گوتیشی: ”نابێت ئەوەتان لەیاد بچێت کوردستان دەورە دراوە بە چەند دراوسێیەک کە ھەڵوێستیان دیارە بەرامبەر دۆزی کورد، ئەوانیش ئێران و تورکیان، ئەو دراوسێیانە ئاسایی نین و دەتوانن ھەندێک کار بکەن کە زیان بە مافی کورد بگەیەنن".



ئەو پێی وایە، ھەندێک وڵات پشتیوانی لە راپرسی و دەوڵەتی کوردستاندا دەکەن: "ئیماڕات و ئیسڕائیل و ھەندێک وڵاتی تر لەپشت ریفراندۆم و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستاندان، ئەمەریکاش تەنیا دەڵێت ئێستا کاتەکەی گونجاو نییە و ھەڵوێستەکەی زۆر روون نییە“.



شابەندەر لە قسەکانیدا، رووناکی دەخاتە سەر ئەوەی کە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا ھۆکار و پاڵنەر بوونە بە سیاسبیەکانی کورد بۆ بڕیاردان لە جیابوونەوە لە عێراق، دەشڵێت: ”لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیدا ھاوئاھەنگی و پێکەوەبوون نەبووە و بەردەوام کێشە و گرفت ھەبووە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە ئیمکانییەتی پێکەوەژیانی نێوان عەرەب و کورد نەبێت، کێشە سیاسییەکان وایان نەکردووە ئەو پێکەوەژیانەی لەنێوان عەرەب و کورددا ھەیە نەمێنێت".



ئەو سەرکردەیەی شیعە لەگەڵ ئەوەدایە، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەری پێکەوەبوونی ھەرێم و ناوەند نەکرا، دەکرێت ھەردوولا ببنە دراوسێی باش: "عێراق بە جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان زیان ناکات، مانەوەی پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا بەم جۆرەی ئێستا بۆ عێراق باش نییە و دۆخەکە بە ناجێگری دەھێڵێتەوە".



ئەو رەتیشی دەکاتەوە، جیابوونەوەی کورد ھاندەر بێت بۆ جیابوونەوەی عەرەبی سوننە، گوتیشی: ”بە جیابوونەوەی کورد، عێراق بە عەرەبی و یەکگرتوو دەمێنێتەوە و کێشەکانیشی کەم دەبنەوە و عەرەب باشتر دەتوانن پێکەوە لە عێراقدا کار بکەن، مانەوەی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا نە لە بەرژەوەندیی کورددایە و نە لە بەرژەوەندیی عێراقیشدایە، بەڵام چۆنیەتیی جیابوونەوەکە دەوەستێتە سەر گفتوگۆی ھەردوولا".



شابەندەر دووپاتی دەکاتەوە، نێوماڵی شیعە و سوننە و کورد وەکو پێشوو یەکگرتوو نییە، گوتیشی: ”کێشەی زۆر لە عێراق و نێوماڵی شیعە و سوننە و کورددا ھەیە و ھۆکارەکانیش پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە سیاسی و تایفی و کەسییەکانەوە ھەیە، ئەوەش زیانی لە ھەمووان داوە“.



ئەو کە بە سەرکردەیەکی نزیک لە نووری مالیکی ناسراوە، روونی دەکاتەوە کە: "من نزیکم لە مالیکی، تا ئەو ئەندازەیەی ئەو لەگەڵ بەرژەوەندیی عێراق و ھاووڵاتییان نزیک بێت، دووریشم لێی تا ئەو ئەندازەیەی کە دوور بێت لە بەرژەوەندییەکانی عێراق، بە ھەمان شێوە دوور و نزیکیی من لەگەڵ عەبادی و ئەوانی تریش ھەر وایە".



سەبارەت بەوەی کە لە شەقامی کوردیدا مالیکی ناسراوە بە یەکێک لە سەرکردە دژەکانی مافەکانی گەلی کوردستان، شابەندەر دەیگوت: "مالیکی و عەبادی بۆچوونیان یەکە، کە ئێستا کاتی راپرسی و دەوڵەت نییە، بەڵام مالیکی بە دەنگی بەرز ھاوار دەکات، کەچی عەبادی بە نەرمی و لەسەرخۆیی ئەوە دەڵێ".



سەبارەت بە نیگەرانیی سوننە و کورد لە حەشدی شەعبی، عزەت شابەندەر دەیگوت: "دانیشتوانی مووسڵ و ناوچە سوننی و کوردییەکان مافی خۆیانە ترس و نیگەرانییان ھەبێت، بەھۆی ھەندێک لە ڕەفتارەکانی چەند ھێزێکی حەشدی شەعبییەوە، کە پێشتر و لە کاتی شەڕەکاندا ئەنجامیان داوە."


باسنیوز
Top