لە سلێمانی چەند کادیرێکی پارتی لە کاتی چالاکییەکی حزبەکەیاندا بوونە قوربانی

 لە سلێمانی چەند کادیرێکی پارتی لە کاتی چالاکییەکی حزبەکەیاندا بوونە قوربانی


لە کاتی چالاکییەکدا کە بە مەبەستی نزیکبوونەوەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی بوون، چەند کادیرێکی پارتی بوونە قوربانی.



عەتا شێخ حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، لە کاتی ئامادەکاری بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (16ی ئاب)، ژمارەیەک کادیری ناوچەی (سەرچنار)ی پارتی سەرقاڵی ھەڵکردنی ئاڵا و پۆستەری حزبەکە بوون، لەو کاتەشدا ئۆتۆمبێلێک ”بە خێراییەکی زۆرەوە“ خۆی پێیاندا کێشاوە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا کادیرێکی پارتی گیانی لەدەست داوە و چواری دیکەش بریندار بوون. گوتیشی: ”دەستبەجێ بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون، بەداخەوە برینی یەکێک.لە کادیرەکانی پارتی قورسە“.



عەتا شێخ حەسەن ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکانی پۆلیس شۆفێرە تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە و ئێستا لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکەوە دەکرێت.





باسنیوز
Top