حەشدی شەعبی لە سنووری كەركووك مەشق بە منداڵان دەكات
حەشدی شەعبی لە سنووری كەركووك، سەربازگەیەكی مەشق و راهێنانی بۆ ژمارەیەك منداڵ و مێرمنداڵ كردووەتەوە و لەسەر بەكارهێنانی چەك و تەقەمەنی مەشقیان پێ دەكرێت.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ئەلعەرەب ئەلیەوم" حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای كەركووك مەشق و راهێنان بە 180 منداڵ و مێرمنداڵ دەكات لەسەر بەكارهێنانی چەك و تەقەمەنی.
بەپێی راپۆرتەكە، عەبدوڵڵا منداڵێكی عێراقییە و تەمەنی لە خوار 15 ساڵە، لە گوندی بەشیری سەر بە پارێزگای كەركووك لە سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی مەشق و راهێنانی لەسەر بەكارهێنانی چەك پێدەكرێت.
لە پاڵ عەبدوڵڵا، دەیان منداڵی دیكە كە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵان دایە، رۆژانە مەشق و راهێنانیان لەلایەن حەشدی شەعبیەوە پێدەكرێت لەگەڵ ئەوەی مەشق و راهێنانە سەربازییەكان لە توانا جەستەییەكانیان بەدەرن.
چاودێرانی سەربازی دەڵێن ئەو هەنگاوەی حەشدی شەعبی هاوشێوەی كارەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە كە منداڵان لە كردەوە سەربازییەكان بەكاردەهێنێ.
پێشتریش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو ئەو كارەی داعش بخاتە لیستی تاوانی دژی مرۆڤایەتییەوە.
شێخ موهەند مەحمود غەراوی كە وانەی ئایینی لەو سەربازگەیەی حەشدی شەعبی فێری منداڵان دەكات رایگەیاند مەشق و راهێنانی منداڵان لەسەر بەكارهێنانی چەك مەبەست لێی بەرزكردنەوەی ئاڵای ئیسلام و ئامادەكردنی نەوەیەكی نوێیە بۆ ناساندنیان بە جیهاد.
لای خۆیەوە جاسم محەمەد پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی پارێزگای كەركووك رایگەیاند مەبەست لە مەشقپێكردنی منداڵان ئامادەكردنیانە بۆ هەر كارێكی نەخوازراو و گوتیشی سنووری بەشیر بەردەوام رووبەرووی كێشە و مەترسی دەبێتەوە.
لە بەرانبەریشدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند لێژنەیەكی لیكۆڵینەوەیان لەسەر پرسی مەشق و راهێنانكردن بە منداڵان لە سەربازگەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگاكە پێك هێناوە.
bas news-
