١٠ـیەمین ساڵیادی کارەساتی گرعزێر و سیبا شیخدرێ بەرز ڕادەگیرێت

 	 ١٠ـیەمین ساڵیادی کارەساتی گرعزێر و سیبا شیخدرێ بەرز ڕادەگیرێت
لە کۆی لق و نووسینگەکانی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، ١٠ـیەمین ساڵیادی کارەساتی گرعزێر و سیبا شیخدرێ بەرز ڕادەگیرێت.

بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئاساییی بنکەی لالشدا بریاریان دابوو ١٠ـیەمین ساڵیادی کارەساتی سیبا شیخدرێ و گرعزێر و کۆمەڵکوژی کۆچۆ بەرز رابگیرێت.

لە ١٤ـی ئابی ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆمەڵگای سیبا شیخدرێ و گرعزێری کوردانی ئێزدی کە دەکەونە باشووری قەزای شنگالەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو خۆی تەقاندەوە، زیاتر لە ٣٠٠ کەس بوونە قوربانی و ٥٠٠ کەسیش بریندار بوون، ئەمڕۆی کە ١٠ ساڵ بە سەر ئەم کارەساتەدا تێپەڕ دەبێت، ئێستا ئەو گوندانە میلیشاکانی حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گرتوون.

لەمبارەوە (جەعفەر سمۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''بریارمانداوە لە تەواوی لق و نووسینگەکانی بنکەی لالش لە سەرتاسەری ئێزدیخان و هەموو ئەو کەمپانەی کە کوردانی ئێزدی لێن، ئەم یادە بکرێتەوە."

هەر لە مانگی ئابدا، کوردانی ئێزدی تووشی کارەساتێکی دیکە بوون، ئەویش کارەساتی شنگالە، کە لە ٣ مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ـدا روویدا، ئەم یادەش بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە پارێزگای دهۆک بەرز ڕاگیرا.
kdp-
Top